دارستان و لەوەڕگەکانی ٣ ناوچەی مەریوان ئاگریان تێبەردرا

14:17 - 8 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بە ئاگر تێبەردرانی دارستان و لەوەڕگەی ٣ شوێنی جیاواز لە ناوچەکانی مەریوان، ئاماری ئاگرکەوتنەوەکانی دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا گەیشتە ٢٩ حاڵەت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٧ی پووشپەڕ دارستان و لەوەڕگەکانی گوندی \"رەشەدێ \"، \"کانی دینار\" و هەروەها گەرەکی \"تازاوا\"ی مەریوان لەلایەن کەسانێکی هەڵپەرستەوە لە ئاگردا سووتان.

بەوتەی یەکێک لە چالاکانی ژینگە پارێزیی و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ئاگرکەوتنەوە لە گوندی \"رەشەدێ\" زیاتر لە ٤ دۆنم لە لەوڕگەو دارستانەکانی ئەو گوندەی لەناو بردووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی \"سەوزی چیا\" ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەمی ئەو ئاگرکەوتنەوانە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەکەیانەوە کۆنتڕۆڵ کراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، خەڵکی ئەو ناوچانە بە بەردەوامی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەندامانی سپای پاسداران بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو و مەبەستی تێکدانی سروشت و ژینگەی کوردستان، ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکان بەر ئەدەن.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ئەنجومەنێکی خۆڕسک و خەڵکییە کە بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و سروشتی شارەکانی مەریوان و سەوڵاوا دامەزراوەو زۆر جاریش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئینتزامییەکانەوە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکان بەرەوڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە خەڵکییە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو ئەنجومەنە یەکێک لە چالاکترین ئەنجومەنە خەڵکییەکانی شاری مەریوانەو رۆڵێکی کارای لەسەر جێگیر کردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزی لە شارەکانی مەریوان و سەوڵاوادا بووە و لە کاتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی شاری مەریوان و سەوڵاوادا بەشێوەیەکی چالاکانە رۆڵیکی ئەرێنییان لە کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکاندا هەبووە.