دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لە ئاگری سپای پاسداراندا دەسوتێت

15:26 - 4 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەێ چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە هۆی مانۆڕی سپای پاسداران و زیاتر ئەمنیەتی‌کردنی کوردستان، نزیکەی ٢٠٠ هێکتار لە لێڕەوار و لەوەڕگەکانی کوردستان لە ئاگردا سووتان.

بەپێی هەواڵە بڵاوەکان، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، ١ی گەلاوێژ، دار بەڕووکانی ناوچەی \"بان گلێن\" و بەرزاییەکانی شاری گیلانغەرب لە چوار شوێنەوە ئاگریان گرت و کە نزیکەی ١٠٠ هێکتار لەو دارانە لە ئاگردا سووتان.

هەروەها، بە هۆی مانۆڕی سپای پاسداران توپبارانی‌کردنی بەرزاییەکانی نێوان دوو گوندی سەڵماس، ٢٥ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو شارەش سووتان.

هەروەها لە شاری پاوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەوەڕگە و دارستانەکانی شاری پاوە ئاگریان گرت و لە هێندێک شوێن دا ئەو ئاگرکەوتنەوە هەتا سێ ڕۆژ درێژەی هەبووە.

ڕۆژی ڕابردوو، ٣ی گەلاوێژ، جارێکی دیکە ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەی پشت نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە دەستی پێکردووە.

بە گوتەی یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزیی شاری پاوە، ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە هۆی مانۆڕی سپای پاسداران لەو ناوچە بووە و خەڵکی شاری پاوە، بە دروستکردنی قەڵغانی مرۆیی، ئیزنیان نەدا سپای پاسداران یارمەتیان بدات بۆ کوژانەوەیی ئاگرەکە.

هەروەها لە شاری کەنگاوەر سەر بە پارێزگای کرماشان، بە هۆی ئاگرگرتنی جارێک، لە دوو قۆناغی جیاجیا نزیکەی ٤٠ هێکتار لە دارستان و ١٠ هیکتار لەوەڕگەی شاری کەنگاوەر لە ئاگر داسووتان.

ئاگر کەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستان، پاش تێبەڕینی یەک ساڵ بە سەر ڕێککەوتنی بەرجام و لابردنی گەماڕۆکان، نە تەنیا بارودۆخی ژینگەیی و بەرەو باش بوون نەچووە بەڵکوو لە ماوەی ئەم یەک ساڵەدا لە هێندێک حاڵەتەکان بەرەو خراپتر بوونێش چووە.

یەکێک لە بەڵێنەکانی ڕۆحانی باشتر کردنی بواری ژینگەپارێزی بووەو بە وتەی سەرکۆماری ئێران، دەبێت گەماڕۆکان لابچێت هەتا سەرمایەی هەبێت و کێشەی ژینگەپارێزی، کار و سنعەت و ئاویش چارەسەر بێت.