دادگوستەریی گشتیی پارێزگای سنە هەواڵی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانیی ڕاگەیاند

17:16 - 28 سەرماوەز 2721

دادگوستەریی گشتیی پارێزگای سنە لە بەیانییەیەکدا هەواڵی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیارانی ڕاگەیاند.

دادگوستەریی گشتیی پارێزگای سنە ڕایگەیاند کە حوکمی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز لە زیندانی سنە جێبەجێ کرا.

دادگوستەریی گشتیی پارێزگای سنە ئەو زیندانییە سیاسییەی بە "بەغی" و "ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز، "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی کامیاران لە زیندانی سنە لە سێدارە درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی لە سێدارە دراوە و ئیزنی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ نەدراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "تەرمی حەیدەر قوربانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئەسپەردەی خاک کرا و تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە "حەسەن قوربانی" برای ئەو زندانییە سیاسییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی گەلاوێژ، بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدامە، سەردانی دادگوستەریی گشتیی پارێزگای سنەیان کردووە و بەو بنەماڵەیە ڕاگەیەندراوە کە داخوازیی جێبەجێکردنی ماددەی ٤٧٧ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری بۆ حەیدەر قوربانی، ڕەت کراوەتەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی لقی ئیجرای ئەحکامی دادگای ئینقلابی شاری کامیاران کراوە.

مانگی سەرماوەزی ٩٩، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری حەیدەر قوربانی لە وتووێژێکدا لە گەڵ "ئیلنا" باسی لە داخوازیی جێبەجێکردنی ماددەی ٤٧٧ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری بۆ بریگرتەکەی کردبوو.

مانگی ڕەزبەری ٩٩، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی، پێشنوێژی مەزگەوتەکان، مامۆستایانی شارەکانی سنە، مەریوان و کامیاران و هەندێک لە نوێنەرانی مەجلیس، لە نامەیەکدا، بۆ بەرپرسی دەزگای دادوەری، داوایان لە ناوبراو کردووە کە ئیعادەی دادڕەسیی "حەیدەر قوربانی" لەلایەن ئەوانەوە وەربگیرێت.

مانگی خەرمانانی ٩٩، دیوانی باڵای وڵات ئێعادەی دادڕەسیی ئەو زیندانییە سیاسییەی مەحکووم بە ئێعدامەی، ڕەت کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٩٩، حوکمی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە، لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی باڵای وڵات لە قوم پشتڕاست کرایەوە.

پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی لە دیوانی باڵای وڵات، پارێزەری دۆسیەی ناوبراو، داوای بەدواداچوون لە لقی هاوتەریب لە دادگای ئینقلابی سنەی کرد.

"حەیدەر قوربانی"، کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥ دەسبەسەر کرا و هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بە هاوکاری لە "تێرۆری" چەند کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەت تۆمەتبار کرد.

مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تێلێڤزیۆنی ئینگلیزی زمانی "پرێس تیڤی" بە نیشاندانی ڤیدیۆیەکی دێکۆمێنتاری بە ناوی "شۆفیری مەرگ" (رانندە مرگ)، بەشێک لەو فیلمە دانپێدانانە زۆرەملێیەی ئەو زیندانییە کوردەی بڵاو کردەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ١٤ی ڕەزبەری ٩٨دا بە تۆمەتی "لێدانی فیزیکی و بریندارکردن بە چەک، بەشداری لە کوشتنی بەئەنقەست، هەوڵدان و یارمەتی بۆ هەڵاتن لە بەدواداچوون و موحاکمە و سزادان، هاوکاری لە کوشتنی بەئەنقەست، دەستپێکی کوشتنی بەئەنقەست، جێگۆڕکێ بە ژمارەی پلاکی ماشین، دەستپێکی دزینی مرۆڤ و وەرگرتنی ماڵی دزراو" لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە موحاکمە کرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سێ زیندانیی تەعزیزی، هەر کامەیان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بۆ سێ تاوانی هاوبەشی لە کوشتنی بەئەنقەست و هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران "بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی" مەحکووم کرابوو.

هەروەها لقی ١ی دادگای کەیفەریی یەکی سنە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی بەهۆی دەسبەسەرداگرتن بە سەر دوو ماشینی پژۆ ٤٠٥دا، بە دوو حوکمی شەلاقی تەعزیری هەر کام بە ڕێژەی ١٠٠ لێدان، بە تاوانی دانانی پلاکی ماشین بە دوو زیندانیی تەعزیری هەرکام بۆ ماوەی ١٥ مانگ ، بە تاوانی دەستپێکی دزینی مرۆڤ بە سزای ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری، بەهۆی سێ تاوانی هەوڵدان و هاوکاری بۆ هەڵاتنی تاوانباران بە ٣ سزای زیندانی هەرکام بە ماوەی ٤ ساڵ مەحکووم کردبوو.

"حەیدەر قوربانی" لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "بغی، هەڵگرتنی چەک دژ بە حکوومەت و نیزامی کۆماری ئیسلامی" موحاکمە کراوە و ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٩٨، بە فەرمی حوکمی لەسێدارەدانەکەی لە زیندانی سنە پێ ڕاگەیەندراوە.

لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە لەلایەن لقی ١ی لێکۆڵینەوەی دادسەرای کامیاران، پۆلیسی ئاگاهی و ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە ئەنجام دراوە.