دادگایی ئینقلابی سنە حوکمی سێ ساڵ زیندانی بۆ موختار زارعی دەرکرد

13:12 - 3 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێكی مەدەنیی کوردی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە، بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ٢ی دادگایی ئینقلابی سنە حوکمی سێ ساڵ زیندانی بۆ \"موختار زارعی\"، چالاکی مەدەنیی کورد دەرکرد.

لقی ٢ی دادگای ئینقلابی سنە، ئەم حوکمەی لە حاڵێکدا بۆ موختار زارعی دەرکردووە، کە خۆی لە دادگا نەبووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران\"، بە دوو ساڵ زیندان و بە تۆمەتی \"بانگەشە دژی نیزام\" بە یەکساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

لە حوکمی دادگادا هاتووە، کە لە کۆتاییدا توندترین سزا بۆ ئەم چالاکە مەدەنییە جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، موختار زارعی، چالاکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری سنە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی، هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی پووشپەڕ، ئەم چالاکە مەدەنییە پاش سەردانی بۆ دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندان ڕاگوێزرا.

\"\"
دادگایی ئینقلابی سنە حوکمی سێ ساڵ زیندانی بۆ موختار زارعی دەرکرد