دادگای ئینقلابی ورمێ هاووڵاتییەکی کوردی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد

15:58 - 20 رەشەمه 2719

لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو"، هاووڵاتییەکی کوردی بە ناوی "شەهرام کازمیان" کوڕی "فارس"، تەمەن ٤٢ ساڵ، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، ئەم حوکمە بەم زیندانییە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەشەمە، یەکەمین دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و "شەهرام" بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و تەبلیغ دژی نیزام" تۆمەتبار کرا.

ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕێبەندان، ئەم هاووڵاتییە پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

"شەهرام کازمیان"، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانبار، بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٣ی هەتاویش، ناوبراو لە ڕێپێوانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە ورمێدا، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرابوو.