دادگای ئینقلابی ورمێ هاووڵاتییەکی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد

14:08 - 9 خاکەلێوه 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شاکر بێهروزی" خەڵکی دزی مەرگەوەڕ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەو حوکمەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" بە سەر ئەو هاووڵاتییە کوردەدا، سەپاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، شاکر بێهروزی، ئەمڕۆ شەممە ٩ی خاکەلێوە، بە تۆمەتی "کۆشتنی یەکێک لە ئەندامانی سپای پاسداران" لە لقی ١ی دادگای نیزامی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "بەرزکار" دادگایی کراوە و تۆمەتی وەپاڵدراوی هەتا ئێستا نەسەلمێندراوە و دادگایی کردنی دووبارەی بۆ دوو مانگی دیکە دواخرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ساڵێک و ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە ژووری تاکەکەسی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٧ ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و خەرمانانی هەمان ساڵ پاش وەرگرتنی "ئەماننامە" گەڕابووە ئێران.