دادگای ئینقلابی ورمێ حوکمی ئێعدامی بە سەر سێ زیندانیدا سەپاند

12:14 - 29 رێبەندان 2719

سێ زیندانیی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بە تۆمەتی پێوەندییدار بە ماددەی "سڕکەر" بە ئێعدام مەحکووم کرد.

شوناسی ئەو سێ زیندانییە "شاران تووفانی، ئەحمەد باشوو"  لە بەندی ١٤ و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە  که لە بەندی ١٥ دایه و شوناسی ڕوون نەبووەتەوە.

ئەو حوکمە لەلایەن دادوەر "شێخلوو" بە سەر ئەو سێ هاووڵاتییەدا سەپاوە و هەروەها ئەو حوکمە ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، لە زیندان بەو سێ زیندانییە ڕاگەیاندراوە.

ئەو سێ زیندانییە لە دۆسیەکی هاوبەشدا، بە هەڵگرتنی ٥ کیلۆ ماددەی سڕکەر لە جۆری "هێرۆئین" بە ئێعدام مەحکووم کراون.