دادگای ئینقلابی ورمێ حوکمی ١٢ساڵ زیندانی بۆ هاووڵاتییەکی کورد بڕییەوە

21:23 - 23 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی پیرانشاری بە ١٢ساڵ و ٣ مانگ زیندانی مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی پیرانشار بە ناوی \"ئومید ماماڵ‌نەژاد\"کوڕی ئەحمەد لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ١٢ساڵ و ٣ مانگ زیندانی حوکم درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی\" ئەندامەتی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی\" راگەیاند.

\"26954.jpg\"
ئومید ماماڵ‌نەژاد بە ١٢ ساڵ و ٣ مانگ لە لایەن دادگای شاری ورمێیەوە حوکم دراوە
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا رایگەیاند: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە بێ ئاگاداری ئومید ماماڵ‌نەژاد حوکمەکەی بۆ بڕیوەتەوە.

ئومید ماماڵ‌نەژاد لە رێکەوتی ٢٨ی رەشەمەی ساڵی ٩٢ ، لەلایەن هێزە ئیتلاعەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بووە و پاشان رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئومید ماماڵ‌نەژاد پاش راگوێزران بۆ زیندانی ورمێ لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا بە بێ روون‌بوونی چارەنووس لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بووە و پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ لەلایەن دادگاوە حوکم دراوە.