دادگای ئینقلابی هۆرموزگان چالاکێکی سیاسیی کوردی بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرد

21:47 - 19 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری قوروە، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە ئوستانی هۆرموزگان، زیندانیی تەعزری بۆ برایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی ئوستانی هۆرموزگان، چالاکێکی سیاسیی کوردی بەناوی بەدیع حوسێن‌پەناهی و بە تۆمەتی \"هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی\"، بە حەوت ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری قوروە لە ئوستانی کوردستان، سەرەتای مانگی رێبەندانی ساڵی ١٣٩٢، لە بەندەری کیش و لەکاتێکدا سەرقاڵی کرێکاری بوو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە زیندانی بەندەر لەنگە لەدەستبەسەریدا ماوەتەوە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن‌پەناهی، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، بە کەمپەینی بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی راگەیاندووە: \"بەدیع حوسێن‌پەناهی لەلایەن دادگاوە بە \"هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان\" تۆمەتبار کراوە\".

ئەو چالاکە سیاسییە، سەرەڕای ئەویکە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە، حوکمی دوورخرانەوەشی بەسەردا سەپێندراوەو هەنووکە لە زیندانی بەندەر لەنگە لە باشووری وڵاتی ئێران ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

بەدیع حوسێن‌پەناهی، مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، پاش یەک ساڵ دەستبەسەری، لە زیندان ئازاد کرا.

لەماوەی ٦ ساڵی رابردوودا، زیاتر لە ٣٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی عوسێن‌پەناهی لەلایەن دەزگا ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە شیوەی جیاجیا دەستبەسەر کراون.