دادگای ئینقلابی مەهاباد لەگەڵ ئازادیی کاتیی سەید "محەممەد حوسێنی" بە دانانی بارمتە دژایەتیی کرد

10:07 - 25 سەرماوەز 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز، لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "غوڵامی" لەگەڵ ئازادیی کاتیی سەید "محەممەد حوسێنی" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی نەغەدە، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی دژایەتیی کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دووبارەی ئەو زیندانییە سیاسییە پاش هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان لە تەبعیدی (دوور لە شوێنی لەدایکبوون) ناوبراو لە دیوانی باڵای وڵات، مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە دەچێت.

حوکمی ٤٠ ساڵ زیندان لە تەبعیدی سەید "محەممەد حوسێنی" بەهۆی کەموکۆڕیی لێکۆڵینەوەکان لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی ئەو دادگایە کراوە کە ئەو حوکمەی بەسەر ناوبراودا سەپاندبوو.

سەید "محەممەد حوسێنی" بە تۆمەتی "محاربە" واتە دژایەتی لەگەڵ خودا لە ڕێگای ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە ٤٠ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو و ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان، بانگهێشتی ئیجرای ئەحکامی زیندانی نەغەدە کرابوو و ئەو حوکمە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

دوایین کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر "جەواد غوڵامی" بەڕێوە چووبوو.

سەید "محەممەد حوسێنی" پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران، ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هەنووکە لە زیندانی نەغەدەیە.