دادگای ئینقلابی مەهاباد داوای بارمتەی ٨ میلیارد تمەنی بۆ ئازادکردنی "محەممەد مورادی" دەکات

10:48 - 10 رەشەمه 2721

دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بۆ ئازادکردنی کاتیی زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "محەممەد مورادی" خەڵکی گوندی "قەبری حوسێن" سەر بە شاری پیرانشار، داوای بارمتەی ٨ میلیارد تمەنی دەکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی رەشەمە، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە پاش ڕەتکردنەوەی حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات، لە ڕێگای ڤیدیۆکۆنفڕانسێکەوە، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە چووبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا، حوکمی دادگای ئینقلابی مەهاباد بۆ محەممەد مورادی دەبڕدرێتەوە و دادگا بۆ ئازادکردنی کاتیی ئەو زیندانییە سیاسییە، داوای بڕی ٨ میلیارد تمەن بارمتەی کردووە".

حوکمی محەممەد مورادی بەهۆی کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکان لە لقی ٣٤ی دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ تاوتوێکردنی دووبارە نێردراوەتەوە بۆ ئەو دادگایەی کە سەرەتا ئەو حوکمەی بەسەر "محەممەد مورادیـ"ـدا سەپاندووە.

ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "محاربه" لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحكووم کرابوو.

محەممەد مورادی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و پاش ڕۆیشتن لەو حیزبە، مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٦ لە سنووری "کێلێـ"ـی سەردەشت گەڕابووەوە بۆ ئێران.

ناوبراو پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، سەرەتا بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە و دواتر بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵەیە خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و هەنووکە لە زیندانی نەغەدە ڕاگیراوە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٨، دوو برای محەممەد مورادی بە ناوەکانی "عەبدولڕەحمان و سادق مورادی" لە سنووری "کۆترانـ"ـی شاری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای سپای پاسداران کوژرابوون.