دادگای ئینقلابی مەهاباد حوکمی دەستبەسەرداگرتنی بارمتەی چالاکێکی مەدەنیی دەرکرد

15:07 - 20 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: لقی بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، بڕیاری دا بارمتەی چالاکێکی مەدەنیی کورد لە بەرژەوەندیی دەوڵەتدا دەستی بەسەردا بگیرێت.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی بەڕێوەبەریی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە ناردنی نامەیەکی ئاگادارکەرەوە بۆ کاوە حەسەن پوور، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە، داوای لە ناوبراو کردووە کە بۆ بەڕێوچوونی ماوەی حوکمەکەی، خۆی بەو لقە بناسێنێت.

ئەو نامەیە ڕادەستی بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنیە کراوە.

لەو نامەیەدا نووسراوە کە؛ \"لە ماوەی وادەیەکی دیاری کراودا \"کاوە حەسەن پوور\" کوڕی \"عەلی\" بۆ بەرێوەچوونی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە لقی بەڕێوەبەریی بناسێنێت، ئەگینا بارمتەی دانراو لە پێناو ئازادیی کاتیی ناوبراو، کە بڕی ١٠٠ میلیۆن تمەنە، لە بەرژەوەندی دەوڵەت دەستی بەسەردا دەگیرێت.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران هەتا ٧ی مانگی پووشپەڕ بە بنەماڵەی حەسەن پوور دەرفەتیان داوە کە کوڕەکەیان بۆ بەڕێوە بردنی ماوەی حوکمەکەی بە لقی تاوانەکانی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بناسێنن.

كاوه‌ حه‌سه‌ن پوور، ٣٦ ساڵی‌ ته‌مه‌نە و خه‌ڵكی‌ نه‌غه‌ده‌یە‌.ناوبراو پاش ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند ساڵ‌ پێش لە حوکمێکدا سزای ١٨مانگ زیندانی‌ به‌سه‌ردا سه‌پا، له‌ دادگای‌ پێداچوونه‌وه‌دا حوكمه‌كه‌ی‌ بۆ ٣ساڵ‌‌ و نیو زیاد كرا. به‌و هۆیه‌وه‌ به‌ناچار ئێرانی‌ به‌جێ‌ هێشت‌ و دوای‌ ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ له‌ توركیە، دواجار له‌ وڵاتی‌ نۆروێژ نیشته‌جێ‌ بوو.

کاوە حەسەن پوور، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی زانستی، وێژەی و فەرهەنگی\"هەتاو\" بووە و بڵاڤۆکێکی هەر بە ناوە بڵاوکردووتەوە، کە پاش دەستبەسەر کردنی ناوبراو، ئەو بڵاوکراویەش یاساغ کرا.

\"\"