دادگای ئینقلابی مەریوان حوکمی زیندانی بەسەر دوو هاووڵاتی سەپاند

10:03 - 26 رەشەمه 2720

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "مێعراج مورتەزایی" و "هیوا عەزیزپوور"، خەڵکی گوندی "دێوەزناو" سەر بە شاری سەوڵاوا، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوان، سەرجەم بە ١٧ مانگ زیندان مەحکووم کران.

دادگا ئەو دوو هاووڵاتییەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە و حوکمی ١ ساڵ زیندانی بەسەر مێعراج مورتەزایی و هەروەها حوکمی ٥ مانگ زیندانی بەسەر هیوا عەزیزپوور، سەپاندووە.

ئەو حوکمە ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، بە ناوبراوان ڕاگەیەندراوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ پاش ڕاگەیەندراوەکەی، لە دادگای پێداچوونەوەی سنە جێگای پێداچوونەوەی هەیە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، پێشتر لە دادگای ئینقلابی مەریوان بەڕێوە چووبوو.

مێعراج مورتەزایی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ و هەروەها هیوا عەزیزپوور ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە، پاش ٢ مانگ لە دەسبەسەرکرانیان، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەیان، لە گرتنگە ئازاد کرابوون.

وێنە: مێعراج مورتەزایی و هیوا عەزیزپوور