دادگای ئینقلابی "مێهران" لاوێکی بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کرد

12:30 - 30 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی شاری مێهران، سەر بە پارێزگای ئیلام لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوود، لاوێکی کورد بە ناوی "سادق شامی" کوڕی ئەحمەد لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مێهران بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی ئەو شارە، ئەو لاوە کوردەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردبوو.

"سادق شامی"، مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، لە شاری ئیلام لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرابوو و پاش مانگێک لە گرتنگە و تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتەی ١٢٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.