دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دوو چالاکی ژینگەپارێزیی بە زیندان مەحکووم کرد

14:26 - 4 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێیەوە، بە ١٨ مانگ زیندان مەحکووم کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژی پێش، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی ١٨ مانگ زیندانی بە سەر دوو چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری بۆکان، بە ناوەکانی \"جەعفەر ئەمینی\" و \"حامید سپهری\"، سەپاند.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، کە ئەندامی ئەنجومەنی \"ژینگەپارێزی وڵاتـ\"ـن، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دەسبەسەر کران.

ئەو دوو چالاکە ژینگەپارێزییە، کۆتایییەکانی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو دوو چالاکە ژینگەپارێزەی بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ١٨ مانگ زیندان مەحکووم کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دادگا بە شێوەی فەرمی ئەو حوکمەی بەو دوو چالاکە ژینگەپارێزە ڕاگەیاندووە و بەپێی بڕیاری دادگا، حامید سپهری بە یەکساڵ و جەعفەر ئەمینی بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کراون.