دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکمی یەکساڵ زیندانی بە سەر هاووڵاتییەکی کورددا سەپاند

14:32 - 11 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، بە یەکساڵ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"کاوان مەحموودیان\" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی میرزا خەڵکی گوندی \"تەنگیسەر\" سەر بە شاری سنە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی شاری سنە، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" تاوانبار کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ١٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری کامیاران دەسبەسەر کراوە و ئێستا لە گرتووخانەی شاری سنە، یەک ساڵە ماوەی حوکمەکەی تێ دەپەڕێنێت.