دادگای ئینقلابی سەقز هاووڵاتییەکی کوردی بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد

20:43 - 3 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی سەقز، حوکمی پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەر هاووڵاتییەکی کورددا سەپاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی سەقز هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بۆکان، بە ناوی \"هێمن مام قادری\" تەمەن ٢٣ ساڵ بە تاوانی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردی دژبەری حكوومەتی ئێران، بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە. ئەم حوکمە لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەر دەرکراوە و بەم هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیندراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری بانە دەسبەسەر کرابوو و بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە گوزرا بووەوە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ئێستەدا لە زیندانی ناوەندیی سەقز ماوەی حوکمەکەی خۆی تێدەپەڕێنێت.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەز، دادگای نیزامیی ورمێ سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ، بە ناوەکانی \"تاهیر خورشیدی، ئەمیر پەیغامی و فاروق شاروێرانی\" بە ١٥ ساڵ زیندان و دوورخستنەوەیان بۆ زیندانی کرمان مەحکووم کردووە.

دادگای نیزامیی ورمێ ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەی، بە تاوانی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردی دژبەری حكوومەتی ئێران تاوانبار کردووە.