دادگای ئینقلابی سنە بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی پەیمان مینبەری

21:22 - 7 سەرماوەز 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی سەرماوەز، بنەماڵەی پەیمان مینبەری لە گیانلەدەستداوانی ڕاپەرینی سەرتاسەری لە ڕێگەی ئیبلاغییەوە،  بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەئموورانی دادوەری بە بنەماڵەی پەیمان مینبەرییان ڕاگەیاندووە کە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بکەن.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: ساحێبە وەیسی دایکی پەیمان مینبەری، داخوازییەکەی دادگای ئینقلابی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بکوژی کوڕەکەی منە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: مەئموورانی دادوەری لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنیی بەردەوامە گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی پەیمان تاکوو ئەم سکاڵایە تۆمار بکەن بەڵام ئەوان داخوازییەکەیان ڕەت کردووەتەوە.

ماوەیەک پێش، دایکی پەیمان مینبەری لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە "کۆماری ئیسلامی دەبێ وڵامدەر بێت کە بۆچی خوینی کوڕەکەی من ڕژاوە؟"

ڕۆژی شەممە ١٦ی سەرماوەز، پەیمان مینبەری تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی ئەیووب و ساحێبە، خەڵکی گوندی "نییەر" و دانیشتووی سنە، لە درێژەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا و بە تەقەی هێزە ئەمنیەتییەکان گیانی لەدەست دا.

تەرمی پەیمان مینبەری، کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی یەکشەممە، ١٧ی ڕەزبەر بە بوونی بنەماڵەکەی و هێزە ئەمنیەتییەکان لە بەهەشتی محەممەدیی شاری سنە بە خاک ئەسپێردرا.

پەیمان مینبەری لە ئاخرین ستۆریی ئینستاگرامەکەیدا نووسیبووی: "ئەمە دەبێتە خۆشترین شەممەی مێژوو، ناڕەزایەتی دەردەبڕین،  مان دەگرین، بە قەولی خۆیان وێران دەکەین، ئێغتشاش دەکەین، کەسێ بیهەوێ ڕێگامان لێ بگرێ، دەرگیر دەبین لەگەڵی، بریندار دەبین، شەهید دەبین، شەقامەکانی شار دەکەینە جەهەنەم بۆیان، تا گەیشتن بە ئازادیی خەڵکەکەم، بنەماڵەم و شارەکەم درێژە دەدەم."