دادگای ئینقلاب خوێندکارێکی بانگهێشت کرد

21:15 - 4 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سەقز بەمزووانە حوکمی سەرەتایی بۆ کچە خویندکارێکی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەبڕێتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەڕاستی ئەم حەتوویە سەحەر فەیزی کچی مستەفا، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقز لە نامەیەکی بانگهیشت‌دا، ئاگادار کراوتەوە.

لەو نامەیەی دادگای ئینقلاب، داوا لەو کچە خوێندکارە کراوە کە ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز لە دادگا بۆ دیاری کردنی ماوەی حوکمەکەی ئامادە بێت.

دەزگای قەزایی ئەو خوێندکارە تەمەن ٢٥ ساڵەی بە تۆمەتی\" پەیوەندیی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی ئێران\" تاوانبار کردوە.

سەحەر فەیزی خوێندکاری زانکۆی تەورێز ڕۆژی ٢٣پووشپەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ماڵ باوکی لە شاری سەقز دەستبەسەر کرد.

سەحەر فەیزی پاش چوار مانگ ڕاگیرانی لە زیندان بەدانی بارمتەی ٢٠٠میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

ناوبراوە لەماوەی بەڕێوەچوونی چەند جارەی دادگایەکەیدا لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.

ئەو هەوڵەی دادگای ئینقلابی شاری سەقز لە کاتێکدایە کە ئەو ناوەندە حکوومەتییە ماوەیەک پێش دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەی بە ٧٠مانگ زیندانی مەحکووم کردبوو.