دادگای گشتیی شاری سەقز حوکمی ٥٠ قامچی بۆ کچێکی کورد دەرکرد

14:04 - 31 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: کچێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن دادگای گشتیی ئەوە شارەوە، بە ٥٠ زەربە قامچی لە پێش چاوی خەڵک و سزای نەختی مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ١٠١ سزای دادگای گشتیی شاری سەقز، کچێکی کورد، بە ناوی \"چینی ئاخرخوبـ\"ـی بە ٥٠ زەربە قامچی لە پێش چاوی خەڵک و دانی بڕی ٤٠٠ هەزار تمەن پارەی نەخت مەحکووم کردووە.

لقی ١٠١ سزای دادگای ئینقلابی شاری سەقز، ئەو کچە کوردەی بە هۆی \"بەشداریی لە کۆبوونەوەی پشتیوانیی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆییی کوردستان\" تۆمەتبار کردووە.

ئەو کچە کوردە، ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆییی کوردستان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دوو مانگ لە زیندان ئازاد کرا.

پاش بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆییی کوردستانی عێراق، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی پشتیوانیی لەو گشتپرسییە ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستیان کرد بە شادی و هەڵپەڕکێ، کە پاش ئەم پشتیوانیکردنە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.