دادگای پێداچوونەوەی ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە شاری ئیلام بەڕێوەچوو

14:41 - 26 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: دۆسیەی ڕۆژنامەنووسێکی کورد خەڵکی شاری ئیلام کە بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، لە لقی ٥ دادگای پێداچوونەوەی ئەو شارە، بەڕێوەچوو.

بەپێێ راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٤ی خاکەلێوە، \"نەجەف مێهدی پوور\"خاوەنی ئیمتیاز و بەرێوەبری دوو حەوتوونامەی \"باختر زمین\" کە بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و بێڕێزی بە ڕێبەری\" لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ئیلامەوە، کە بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، لە لقی ٥ی دادگای پێداچوونەوەی ئەو شارە، بەڕێوەچوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتی پێویست بۆ دادکۆکی کردن بەو ڕۆژنامەنووسە ئیلامییە نەدرابوو و دوو دادوەری پێراگەیشتن بە دۆسیەی ناوبراو، بە بەکاربردنی دەستەواژەی نەشیاو، سووکایەتییان بە نەجەف مێهدی‌پوور، کردووە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٧، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری ئیلام کرا و حوکمەکەی پێ ڕاگەیەندرا.

دوو حەوتوونامەی \"باختر زمین\" بە هۆی بڵاوکردنەوەی گوتار و بابەتی ڕەخنەئامێز لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، لە پەیوەندیی لەگەڵ بارودۆخی مافی مرۆڤ و سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران ڕاگیراوە.

نەجەف مێهدپوور، کارناسی باڵای زانستی سیاسی و بەربژێری دەیەمین خولی مەجلیس بووە، کە شیاویەتی ناوبراو بە هۆی \"نەبوونی باوەڕ و پێبەند نەبوون بە ئیسلام و نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران\" لە لایەن شۆرای نیگابانەوە ڕەت کرایەوە.