دادگای پێداچوونەوەی سنە چالاکیکێ کرێکاریی بانگهێشت کرد

15:08 - 28 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە بانگهێشتی لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی ئەم شارە کرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنه، به پێی بانگهێشتنامەیەک، \" یەدوڵلا سەمەدی\"، چالاکی کرێکاریی بانگهێشت و داوای لێ کردووە که ڕۆژی ٦ی ڕەشەممە، لەم لقەدا ئامادە بێت.

هۆکاری بانگهێشتی ئەم چالاکە کرێکارییە \"سکاڵای دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە به تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامیەتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام\"دا ڕاگەیەندراوە.

بانگهێشتی ئەم چالاکه کرێکارییە لە حاڵێکدایە که لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەریی شاری سنە و لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنه حوکمی بێ تاوانبوونی ئەم کرێکارەی سەبارەت به \" بڵاوکردنەوەی درۆ به مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی\"ی بۆ ناوبراو و دوو چالاکی کرێکاری دیکە دەرکردبوو.

یەدوڵلا سەمەدی له کاردانەوە به بانگهێشتی لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە ڕایگەیاندووە: \"من یەدوڵلا سەمەدی جارێکی دیکە وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکان ڕایدەگەینم که ئێمە هیچ کارێکی تاوانبارانەمان نەکردووە و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە سەربەخۆ کرێکارییەکان، درووستکردنی دامەزراوە سەربۆخۆ کرێکارییەکان، بەڕێوەبردنی هەر چەشنە ناڕەزایەتی و مانگرتن دژی هەر شتێک کە وەکوو نایەکسانی لە کۆمەڵگادا بە ئەژمار دێت لە مافە سەرەتاییەکانی چینی کرێکار دەزانم و نابێت هیچ کەس به هۆی ئەم هۆکارانەوە لێپرسینەوەی لێ بکرێت و دادگایی بکرێت.\"