دادگای پێداچوونەوە پێنج ئەندامی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"ی بە زیندان مەحکووم کرد

11:18 - 2 خەرمانان 2722

مەرزیە مورادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، مێهدی سەیفی، فەردین ڕەحیمی و عەلی ئەڵڵاوەیسی لە ئەندامانی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"، لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە، هەر کامیان بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی چوار ساڵ مەحکووم کران.

دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" ئەو ٥ هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"،"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" و "ڕێکخستنی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان" تۆمەتبار و هەر کامەیانی بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو کە ئەو حوکمەش ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ، پێیان ڕاگەیەندرابوو.

دوایین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تاوانەکانی ئەو ٥ ئەندامەی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"، ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، بەڕێوەچوو.

ئەو ٥ ئەندامەنی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"، مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان، ئازاد کرابوون.