دادگای پێداچوونەوە حوکمی ١١ ساڵ زیندانیی مامۆستایەکی پشتڕاست کردەوە

16:29 - 8 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ، حوکمی ١١ ساڵ زیندانییەکەی پشتڕاست کرایەوە.

 سەید "ئارام ئەمین‌ زادە"، خەڵکی شاری بۆکان، لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ، بە دوو تۆمەت، سەرجەم بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم  کرا.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ئەو مامۆستا کوردەی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای گرووپە توندڕەوەکان لە کاناڵی تێلگرامی" بە ١٠ ساڵ و ساڵێک زیندانیی تەعزیری بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" مەحکووم کردبوو، بە پشتبەستن بە مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، دەبێ ١٠ ساڵی ئەو حوکمە جێبەجێ بکات.

ناوبراو لە ١٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری بۆکان دەسبەسەر کرابوو.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو مامۆستا کوردە، هاوکات لەگەڵ داسەپاندنی ئەو حوکمە بە سەریدا، حوکمی دەرکرانی لە مامۆستایەتی لە لایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانەوە، دراوەتە زیندان و پێی ڕاگەیەندراوە.