دادگای پێداچوونەوە حوکمی زیندانی مامۆستایەکی سەقزی پشتڕاست کردەوە

16:30 - 28 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: حوکمی زیندانی تەعزیری مامۆستایەکی بیرکاری قۆتابخانە شاری سەقز، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ زیندانی تەعلیقی گۆڕدرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە حوکمی ٩١ی ڕۆژ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ تاهیر قادرزادە، ئەندامی کانوونی سێنفی مامۆستایان پشتڕاست کردەوە.

ئەو ئەندامەی کانوونی سێنفی مامۆستایانی پارێزگای سنە، بە تۆمەتی\"تێکدانی بیروڕای گشتی و وەرێخستنی کۆبوونەوەی نایاسایی\" تاوانبار کراوە.

دادگای ئینقلابی شاری سەقز_لقی پێنجەم حوکمی ٩١ ڕۆژ زیندانی تەعلیقی بە سەر ئەو مامۆستا کوردەدا سەپاندووە.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، چەند جارێک تاهیر قادرزادە، مامۆستای بیرکاری قوتابخانەی شاری سەقزیان بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.

پێشتر ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان/مەریوان داوایان لە دەزگای قەزایی و بەرپرسانی ئەمنیەتی کردبوو کە دادگای پێداچوونەوە بە بێ تاوان ناساندنی ئەو مامۆستایە لە درێژەی پێکەوە کار کردنی بەرپرسانی ئەمنیەتی لەگەڵ چالاکانی سێنفی هاوکاری بکەن.