دادگای ورمێ ڕۆژنامەوانێکی کوردی بانگهێشت کرد

15:46 - 20 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕەخنەی هەواڵنێرێک لە خراپیی بەڕێوەبەریی دامودەزگای دەوڵەتی لە شاری ورمێ، بانگهێشت کرانی بۆ دادگای بەدواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای ئەم حەوتوویە، \"ئەسکەندەر خەنجەری\" کوڕی \"ئەحیا\" بۆ دادگای شۆڕشی ورمێ بانگهێشت کراوە.

ئەو ڕۆژنامەوانە ڕەخنەگرە، ماوەیەک پێش ئێستا لە بابەتێکدا وێڕای ڕەخنەی جیددی لە بەڕێوەبەریی باخچەی ئاژەڵانی شاری ورمێ، خوازیاری تەحریمی ئەو باخچەیە ببوو.

هەواڵی گەیشتوو بە کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لەگەڵ شارەوانیی ورمێ سکاڵایان دژ بە ئەسکەندەر خەنجەری لە دادگا تۆمار کردووە.

ئەو ڕۆژنامەوانە کوردە، ئەندامی شۆڕای نووسەرانی حەوتوونامەی \"کوشا\"ـی ورمێیە.

بابەتی \" باغ وحش ارومیه را دریابید!\" دوو حەوتوو لەمەوبەر لە \"ندای ارومیە\" بڵاوکرایەوە، بەڵام لە کۆتایی حەوتووی ڕابردوودا لەسەر ماڵپەڕەکە لا برا.

ئەسکەندەر خەنجەری ٥ ساڵ پێش ئێستا وێبلاگێکی بەناوی \"منهای حرف\" بە لێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرییەکان پێکهێنا، بەڵام لە بەهاری ئەوساڵدا، یادداشتی بڵاو نەکردووەتەوە.

پێشتریش سکاڵای نوێنەرێکی مەجلیس لە ورمێ بووە هۆی دەرچوونی سزای چوار مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی کران بۆ \"حامید عەتایی\"، ڕۆژنامەوانی ئەو شارە.

نەبوونی ئەنجومەنی پیشەیی چالاک لە کوردستان کە بەدواداچوون بۆ داخوازی و مافی ڕۆژنامەوانان بکات، بووەتە هۆی مەترسی حەزف و پاڵپێوەنانی ئەو توێژە لە گۆمەڵگا.

ئێران بە ٢٩ ڕۆژنامەوان و هاووڵاتی ـ هەواڵنێری زیندانی، بە یەکێک لە پێنج گرتووخانەی گەورەی جیهان بۆ چالاکانی ڕاگەیاندن دێتە هەژمار.
http://www.kurdpa.net/sorani/dreje/wituwej/69388