دادگای ورمێ حوکمی\"دوورخرانەوە\" بۆ هاووڵاتییەکی کوردی بڕییەوە

20:57 - 14 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ورمێ لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ٥ ساڵ حەبسی تەعزیری و ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعلیقی و دوورخرانەوە بۆ یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی مەحکووم کرا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ لە حوکمێکدا هاووڵاتییەکی کوردی بە ناوی بێهزاد مەحموود نێژاد کوڕی عوسمان بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و ٢٠ ساڵ زیندانیی تەعلیقی و دوورخرانەوە بۆ یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای خۆراسانی رەزەوی مەحکووم کرد.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە تۆمەتی\"ئەندامبوون و هاوکاری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" ئەو حوکمەی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بڕیوەتەوە.

٢٨ی خەرمانانی ساڵی ٩٥ی هەتاوی، هێزەکانی حکوومەتی جێگیر لە پاسگای گوندی\"هەشتیان\" لە ناوچەی سۆماو برادۆست، تەقەیان لە ماشینی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئەرکان سەعیدی کوڕی شەوقی کرد و ناوبراو دەستبەجێ گیانی لە دەست دا.

لەو ڕووداوەدا، بێهزاد مەحموود نێژاد بە سەختی بریندار و لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی\"گێچێ\" لە ناوچەی سۆما و برادۆستە.
لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنج شەممە ٨ی پووشپەڕ، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی پووشپەڕ، حوکمی یازدە ساڵ زیندانی بۆ \"ناسر شابۆیی دودکانی\"،
خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ تەئید کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری شنۆ، بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران و کۆبوونەوە و هاوکاریی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهی نەتەوەیی\" به ١٠ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی \"چالاکیی بە قازانجی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران\" بە ١ ساڵ زیندانی مەحکوم کراوە.