دادگای ورمێ حوکمی ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ مەسعوود شەمس‌نژاد بڕییەوە

14:49 - 29 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: مەسعوود شەمس‌نژاد پارێزەری کوردی خەڵکی ورمێ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی زیندانی کرانی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ مەسعوود شەمس نژاد بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بەدژی نیزام و بەپێی ماددەکانی ٥- ٢١١- ١٩ لە یاسای سزادانی ئیسلامی پەسندکراوی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، بە ٤ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

مەسعوود شەمس‌نژاد، کە رێکەوتی ١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ‌وە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شێخلوو بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی و ئەندامەتیی لە حیزبێکی کوردیدا دادگایی کرا، تۆمەتی ئەندامبوونی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکاندا لەسەر لاچووە.

\"20055.jpg\"
کەماڵ حوسێنی، رۆژنامەنووس
کەماڵ حوسێنی رۆژنامەنووسی کورد لەو پەیوەندییەدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ مەسعوود شەمس‌نژاد بە چالاکیی تەبلیغی لە رێگەی وتووێژ لەگەڵ میدیا دژبەرەکانەوە، تۆمەتبار کراوە و لە ئەنجامدا حوکمی ٤ مانگ زیندانیی تەعزیریی دەرەجە ٦ی لە یاسای سزادانی ئیسلامی بۆ بڕاوەتەوە.

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە سەبارەت بە مۆڵەت(پروانە)ی پارێزەریی مەسعوود شەمس‌نژاد رەخنەی لە کانوونی پارێزەرانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا گرت و رایگەیاند؛ کانوونی پارێزەرانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا سەربەخۆ نییە و تەنیا بەپێی \"کیفر خواست\" پەروانەی ئەو پارێزەرەی هەڵپەساردووە.

حوسێنی گوتیشی؛ شەمس‌نژاد لەبەر ئەوەیکە ماوەی چەندین ساڵە ئەندامی کانوونی پارێزەرانە، دەبوایە کانوون بۆ خۆی پارێزەریی بۆ پەروەندەی مەسعوود شەمس‌نژاد دەستنیشان بکردایە، بەڵام کانوونی پارێزەران بەهۆی بەستراوەیەیی و نەبوونی سەربەخۆییەوە، سەبارەت بە پەروەندی شەمس‌نژاد هەڵوێستی نەرێنی‌نواند.

مەسعوود شەمس‌نژاد رێکەوتی ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراو رێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، پاش ٣٤ رۆژ لە دەستبەسەری، بەدانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.