دادگای نیزامیی ورمێ هاووڵاتییەکی بە ٦ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە، مەحکووم کرد

12:36 - 11 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای نیزامیی یەکی پارێزگای ورمێ، هاووڵاتییەکی شنۆیی بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی زەنجان مەحکووم کرد.

 بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدولواحید (کامیار) منوچێهری" کوڕی "عوسمان" و خەڵکی شنۆ، لەلایەن لقی یەکی دادگای نیزامیی یەکی پارێزگای ورمێ، بە ٦ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە بۆ زیندانی زەنجان مەحکووم کرا.

لقی یەکی دادگای نیزامیی یەکی پارێزگای ورمێ ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەر، بە دانانی بارمتەی قورس بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئیزنی مورەخسییان پێدابوو، کە دواتر زێدی خۆی بەجێ هێشت.