دادگای شۆڕشی کرماشان ڕۆژنامەوانێکی کوردی محاکمە کرد

20:30 - 8 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: دوا دانیشتنی محاکمەی فەرزاد پوورمورادی لە دادگای شۆڕشی شاری کرماشان بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە، ٧ی بەفرانبار، لقی سێی دادگای شۆڕشی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران محاکمەی چالاکێکی سیاسیی کوردی کۆتایی پێهێنا.

ئەو دانیشتنە بە سەرۆکایەتی قازی مەحموودیان بەڕێوە چووە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو باس لەوە دەکات کە؛ دوکتور شەهاب تەجەری بەرگریی لە بریگرتەکەی(موکل) خۆی لەبەرانبەر تۆمەت وەپاڵ دراوەکانی کردووە.

فەرزاد پوورمورادی لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە \"هەوڵدان دژ بە تەناهیی نێوخۆیی و دەرەکی و چالاکی دژبە نیزام\" تۆمەتبار کراوە.

\"\"
نامەی بانگهێشت کردن
ناوبراو لە فەیسبووکی خۆیدا نووسیوە؛ \"دۆسییەکی شێواو و پڕ لە ناڕوونی... لەپاڵ ئەو هات و چوونەدا لەناکاو بە بڕیاری نایاسایی ژێرکۆی دەزگای دەوڵەتی، دامەزرانەکەت هەڵوەشێتەوە.\"

نێوەڕاستی مانگی ڕابردوو فەرزاد لە لقی ١٠٣ی دادگای کەیفەریی کرماشان بە تۆمەتی \"بڵاکردنەوەی درۆ بە مەبەستی شێواندنی ڕای گشتی و سووکایەتی بە لێپرسراوانی نیزام\" محاکمە کرابوو.

ئەو ڕۆژنامەوان و بەڕێوەبەرەی ماڵپەڕی هەواڵی \"کرمانشاە پست\"، ١٣ی بەفرانباری ساڵی ٩٤ لەلایەن هێزی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٤٨ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی لەژێر زەختدا بۆ دانپێدانان ڕاگیرا و دواتر بە بارمتەی ٩٠ میلیۆنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

محاکمەی ئەو چالاکە سیاسییەی کورد هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی جاڕنامەی هاووڵاتی لەلایەن حەسەن ڕۆحانی، کە فەرزاد پوورمورادی لە ساڵی ٩٢دا بەرپرسی کۆمیتەی ڕاگەیاندنی ستادی هەڵبژاردنی ئەو بووە.

لینکی پەیوەندیدار:
كرماشان/ بانگهێشتی كەم وێنەی رۆژنامەنووسانی كورد لەماوەی دەسەڵاتداریەتی دەوڵەتی یازدەیەمدا