دادگای شاری سنە حوکمی چوار ساڵ زیندانی بۆ هاووڵاتییەکی کورد بڕییەوە

20:55 - 25 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سنە لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە چوار ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"سەعیدی\" حوکمی چوار ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"شەهرام فەرهادی\" بڕییەوە.

تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو چالاکە کۆمەڵایەتییە تەمەن ٢٧ ساڵه، \"گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان بەبێ هاوئاهەنگی دەسەڵات و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" ڕاگەیاندراوە.

شەهرام فەرهادی، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، کە ماوەیەک پێش ئێستا لە لایەن ئیتلاعاتی شاری سنەوە دەستبەسەر کرابوو و بە دانانی ١٠٠ میلیۆن تمەن وەسیقه لە زیندان ئازاد کرا.