دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت مامۆستایەکی کوردی بە زیندان مەحکووم کرد

21:07 - 27 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کورد، خەڵکی شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ لە لایەن دادگای تایبەت بە ڕۆحانیەتی شاری تەورێز بە ١٥ مانگ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانی \"تەعلیقی\" مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ٩ی دادگای تایبەت بە ڕۆحانیەتی شاری تەورێز، مامۆستا محەممەد خزرنژاد، پێشنوێژی گوندی\"ناچیت\" سەر بە شاری بۆکانی به ١٥ مانگ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ تەعلیقی مەحکووم کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای تایبەتی ڕۆحانیەتی تەورێزبە تۆمەتی\" کردنەوەی خوێندنی زانستە ئایینییەکان، پڕۆپاگەندە دژی نیزام،ڕەخنە گرتن لە کردەوەکانی بەرپرسانی حکوومەتی، داکۆکی کردن لە مافی کۆڵبەران\" ئەو حوکمەی بۆ ئەو مامۆستا کوردە بڕیوەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: خوێندنگەی زانستە ئایینییەکان کە پێشتر لە لایەن مامۆستا محەممەد خزر نژاد کرابووە، مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتییەوە پۆلمپ کرا بوو.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو مامۆستا کوردە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: پێشتر مامۆستا محەممەد خزر نژاد لە گوندی\"کۆسە\" سەر بە شاری بۆکان خەریکی وانە وتنەوە و خوێندنی زانستە ئایینییەکان بووە و بە هۆی گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بەناچاری گوندی\"کۆسە\"ی بە جێهێشت و لە گوندی\"ناچیت\" نیشتەجێ بوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو مامۆستا کوردە چەندین جار بانگهیشت و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە.

دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەت لەژێر چاوەدێڕیی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی ڕێبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندایە و بەرپرسی سزادانی قەزایی ئەو مامۆستایانەیە كە ڕەخنەگر یان دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانن.