دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە هەمەدان، مامۆستایەکی کوردی بانگهێشت کرد

15:31 - 18 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینی کورد، خەڵکی شاری بانە، بانگهێشتی دادگای ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستا محەممەد ئەدیبی، مامۆستا و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی \"کەوپێچی خوار\" سەر بە شاری بانە، بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە شاری هەمەدان کرا.

بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە بۆ ئەو مامۆستا کوردە نێردراوە، ناوبراو دەبێ کاتژمێری ٨ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردان، خۆی بە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە شاری هەمەدان بناسێنێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا کوردە بە هۆی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتی مانگرتووانی شاری بانە، لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە هەڕەشەی لێ کراوە و دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لە شاری هەمەدان، بەو بۆنەوە ناوبراوی بانگهێشت کردووە.

پێشتریش، ئیداری ئیتلاعاتی شاری بانە، لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری هەمەدان، لە دژی ئەو مامۆستا کوردە سکاڵای تۆمار کردووە.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری حکوومەتی ئێراندایە و بەرپرسی هەڵسوکەتی قەزایی لەگەڵ مامۆستایانی ناڕازی و دژبەری حکوومەتی ئیسلامییە.