دادگای بۆکان ژنە چالاکێکی کوردی بە ٢ ساڵ زیندانی مەحکووم کرد

20:20 - 26 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکێکی خەلكی شاری بۆکان پاش ٥ مانگ لە دەستبەسەر کران، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری بۆکانەوە بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی موکریان؛ شەهێن بایزیدپوور ئەندامی خولی دووەمی شۆرای شاری بۆکان، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری بۆکانەوە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوە.

شەهێن بایزید پوور رێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەشاری بۆکان و لەلایەن ئیتلاعاتی سپای ئەو شارەوە دەستبەسەر و پاش ٢٢ رۆژ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ راگوێزرا.

شەهێن بایزیدپوور کە هەنووکە لە زیندانی شاری مەهاباد راگیراوە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵە هۆکاری ئەو حوکم درانە ناوبراو روون نەبۆتەوە.

ئەو ئەندامەی پێشووی شۆرای شاری بۆکان یەكێک لە چالاکانی مەدەنی و هەروەها یەکێکیش لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی كەمئەندامانی ئەو شارە بووە.