دادسەرای گشتی و ئینقلابی مەلەکشاهی، شاعێرێکی کوردی بە بێتاوان ناساند

15:47 - 3 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری مەلەکشاهی، حوکمی بێتاوانیی شاعێرێکی کوردی خەڵکی ئەو شارە دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"حوسێن باقری\" ناسراو بە \"ژاکان باران\" تەمەن ٣٦ ساڵ شاعێری کوردی خەڵکی شاری مەلەکشاهی، لە تۆمەتی وەپاڵدراوی بە بێتاوان دەرچوو.

ئەو شاعێرە کوردە، لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوەکانی حیزبە کوردییەکان، دروشم نووسین، لایەنگری لە حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران تاوانبار کرابووم و ئیدارەی ئیتلاعات و ئەمنییەتی شاری مەلەکشاهی سکاڵایان لەسەر من تۆمار کردبوو\".

ناوبراو وتی: ئێستە لە تۆمەتەوەپاڵدراوەکانم، بێتاوان ناسراوم و بڕیارە بە پشتبەستن بە ماددەی ٢٥٦ ئایینی دادڕەسیی کەیفەری بێتاوانیم ڕابگەیەندرێ\".

ئەو شاعێرە کوردە، مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان دەسبەسەر و بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەلەکشاهی ڕاگیرابوو.

\"پێشتر ئیدارەی ئیتلاعاتی هەڕەشەی کوشتنی لەو شاعێرە کوردە کردبوو، و پێیان وتبوو، کە هۆشدارەکانی ئێمە بۆ تۆ و بنەماڵەکەت سوودمەند نەبووە و ئێمە لە ڕێنوێنی کردنی تو بێهیوا بووین، دەبێت لەگەڵ تۆ بە شێوەیەکی دیکە هەڵسوکەوت بکەین و ئەمەش بۆ تۆ گران تەواو دەبێت.\"