دادسەرای گشتی شاری شنۆ حوکمی دەسبەسەر داگرتنی ماڵی هاووڵاتییەکی شنۆیی دەرکرد

13:57 - 25 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن لقی یەکی بەڕێوەچوونی تاوانەکانی کەیفەری دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ حوکمی دەسبەسەر داگرتنی ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی پەسەند کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی یەکی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ، لە بڕیارێکدا لە ئەگەری خۆڕادەست نەکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بەو ناوەندە قەزاییە دەست بە سەر خانووبەرەکەیدا دەگرن.

سابیر ڕەسوولپوور هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری شنۆ، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی دیکە دەستبەسەر کرابوو.

پێشتریش ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری شنۆوە بە چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر و دۆسیەسازی لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە دەیان ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

سابیر رەسووڵپوور ئارەنایی کوڕی ئیسماعیل لە چوار جار دادگایی کردن سەرجەم بە ١٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ساڵی ڕابردوو، بە دانی بارمتەی ١٢٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە و بە هۆی گوشاری هێزە حکوومەتییەکانی ئێران بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشت و ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد.

بە پێی ئەم حوکمەی لقی یەکی بەڕێوەچوونی تاوانەکانی کەیفەری دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ، لە ئەگەری خۆڕادەست نەکردنەوەی بە دادسەرای ئینقلاب ماڵی ناوبراو دەستی بە سەردا دەگیرێت.

سابیر ڕەسووڵپوور لە ڕێکەوتی ١٢/١٢/١٣٩٤ی هەتاوی، هەتا ٦/٣/١٣٩٥ی هەتاوی، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ و زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ بۆ ماوەی چوار مانگ دەسبەسەر و لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجەی مەئموورانی گرتووخانەی حکوومەتی بەرەڕوو بووەتەوە.

\"\"
دادسەرای گشتی شاری شنۆ حوکمی دەسبەسەر داگرتنی ماڵی هاووڵاتییەکی شنۆیی دەرکرد