دادستانی گشتی و ئینقلابی سنە باسی لە دەسبەسەرکردنی دارێژەی پلانی هەڵاتنی زیندانییانی سەقز کرد

11:13 - 18 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە، دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری سنە، باسی لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەک لە ژێر ناوی گەڵالە دارێژەی  هەڵاتنی زیندانییانی سەقز، لە شاری بانە لە لایەن پۆلیسەوە کرد.

'محەممەد جەباری" دۆزگەری گشتی و ئینقلابی سنە، لە شوناسی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە خۆی بواردوە و تەنیا وەکوو گەڵاڵەدارێژەی سەرەکیی هەڵاتنی زیندانییانی زیندان سەقز، ئاماژەی بەو هاووڵاتییە پێکرد.

پێشتریش ئەو بەرپرسە قەزاییەی حکوومەت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان بە هەڕەشەکردن لە هاووڵاتییان لە پێوەندیی لەگەڵ زیندانییە هەڵاتووەکانی زیندانی سەقز ڕایگەیاند: "ئەو هاووڵاتییانەی کە زیندانییانی هەڵاتووی زیندانی سەقز دەشارنەوە و یان یارمەتییان دەدەن بۆ شاردنەوەیان، تاوانبار دەناسرێن و لەگەڵ ئەوان وەکوو پێویست هەڵسووکەوت دەکەن".

ڕۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوە، ٧٤ زیندانییانی زیندانی سەقز، پاش دەستپێکردنی ناڕەزایەتی لەو زیندانەدا، توانییان دەرگای زیندانەکە بشکێنن و هەڵبێن".

بە وتەی محەممەد جەباری، هەتا ئێستا، ٥٤ زیندانی گەڕێندراوەنەتەوە زیندانی سەقز، کە لەو ڕێژەیە ٣٤ کەسیان دەسبەسەر و ٢٠ی دیکەیان بۆ خۆیان گەڕاونەتەوە زیندانی سەقز.