دادستانی پیرانشار لەگەڵ ئازادیی "سۆعدا خەدیرزادە" بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی دژایەتی کرد

11:09 - 23 بەفرانبار 2721

دادستانی شاری پیرانشار لەگەڵ بڕیاری گۆڕینی دەسبەسەریی کاتی بە دانانی بارمتە بۆ ئازاد کردنی هاووڵاتییەکی ژن بە ناوی "سۆعدا خەدیرزادە" کچی ڕەحیم، کە لە بەندی نسوانی زیندانی ورمێ دایە، دژایەتی کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە دوو نامەدا، خوازیاری گۆڕینی دەسبەسەریی کاتی بە دانانی بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و لێپرسی دۆسییەی ئەو ژنە لەگەڵ ئەو داواکارییە دژایەتییان کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو سۆعدا خەدیرزادە، لەو داواکارییەدا ڕایگەیاندبووە کە لە ئێستادا لە دۆخێکی نالەبار لە زیندان دایە و بەهۆی دووگیانی، پەستانی خوێن، ئێشی گورچیلە و دیسکی کەمەر و نەخۆشیی هەناو، مانەوەی لە زیندانی ژیانی ئەوی خستووەتە مەترسییەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، "سۆعدا خەدیرزادە" لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

سۆعدا خەدیرزادە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێراگەیشتن بە پاریزەر"  بێبەری کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

 سۆعدا" خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.