دادستانی ورمێ بڕیاری سزدانی بۆ ٥٤ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە دەرکرد

16:37 - 1 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دۆزگەری شاری ورمێ بۆ ٥٤ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازیی قوتابخانەی \"راە شهدا\"ی شارۆچکەی ئیسلامئاوای ئەو شارە بڕیاری دەسبەسەر و سزدانی ئەوانی دەرکرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی جۆزەردان، مستەفا حەبیبی، دۆزگەری شاری ورمێ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هەواڵنێران بە ئاماژەکردن بە ڕووداوی قوتابخانەی \"راە شهدا\"ی شارۆچکەی ئیسلامئاوای ئەو شارە و دەسدرێژی بۆ سەر یەکێک لە قوتابییەکان، ڕایگەیاند: \"١٥٦ کەس لەو کەسانەی کە لەو ڕووداوەدا دەسبەسەر کرابوون، ٥٤ کەس دەستیان لەو ڕووداوەدا هەبووە و بڕیاری گرتن و سزادانیان دیاری کراوە و ئەوانی دیکەش ئازاد دەکرێن\".

بە وتەی دۆزگەری شاری ورمێ، زۆربەی هەرەزۆری دەسبەسەرکراوەکان خەڵکی دەورووبەری قوتابخانەی \"راە شهدا\"ی شارۆچکەی ئیسلامئاوان و بە \"تێکدانی نەزمی گشتیی، تێكدانی کەرەستەی گشتیی و دەوڵەتی، ئاگربەردان لە کەرەستەی شەخسی، شەڕکردن لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان و تەنگ‌پێ‌هەڵچنین بە مامۆستاکان و بێرێزی کردن بەوان\"، تۆمەتبار کراون.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، پاش دەسدرێژی جینسی دەرگاوانی ئەو قوتابخانەیە بۆ سەر یەکێک لە کچە قوتابییەکانی کورد لە قوتابخانەی \"راە شهدا\"ی شارۆچکەی ئیسلامئاوای شاری ورمێ، هاوووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ئەو شارۆچکەیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەو هەوڵەی دەرگاوانە، لە بەرانبەر قوتابخانەی کچانە، کۆبوونەوە و هاووڵاتییان ئەو قوتابخانەییان ئاگردا.

هەروەها لەو ڕووداوەدا، هاووڵاتییان پایەگای \"مقاومت بسیج\" لەو گەڕەکەیان ئاگر تێبەردا و ئەم هەوڵەش تۆڕەبوونی هێزە ئیتلاعاتییەکانی لێکەوتەوە.

ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان هاووڵاتییانی ناڕازی ئەو ڕووداوەیان، بە \"ئاژاوەگێر\" وەسف کرد، کە لەژێر کاریگەریی هەواڵی درۆیینەی هێندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێڕای خەسارگەیاندن بە کەرەستەی گشتیی، ئاگریان لە قوتابخانەکەش بەرداوە و بەشێکی ئەو قوتابخانەیە لە ناوچووە\".