دادستانی مەهاباد رێگری لە چارەسەریی پزیشکی بۆ چاوی زیندانییەکی سیاسی کورد دەکات

16:29 - 31 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، کە لەزیندانی ناوەندیی ئەو شارە لە دەستبەسەری دایە، تووشی نەخۆشی و ئازاری چاو بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەحیا سارخانی، زنیدانیی سیاسیی کورد، کە لە زنیدانی ناوەندیی شاری مەهاباد تووشی ئازاری چاو بووەو سەرەڕای ئەوەیکە پزیشک پێی راگەیاندووە، کە لە دەروەی زیندان چارەسەریی بۆ بکرێت، دادستان و بەرپرسانی زیندان رێگری لە ناردنی ئەو زیندانییە کوردە بۆ دەرەوەی زیندان دەکەن.

بە وتەی یەکێک لەنزیکانی بنەماڵەی سارخانی، پزیشکی نیو زیندان چەند مانگ پێش ئێستا بە شێوەی نووسراوە بەو زیندانییە کوردەیان رایگەیاندووە، کە دەبێ بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی سەردانی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بکات، بەڵام دادستان و بەرپرسانی زیندان رەزامەندییان لەگەڵ ناردنی ناوبراو بۆ دەرەوەی زیندان دەرنەبڕیوە.

\"21107.jpg\"
یەحیا سارخانی، زنیدانیی سیاسیی کورد لە زنیدانی ناوەندیی شاری مەهاباد تووشی ئازاری چاو بووە
یەحیا سارخانی، کە تەمەنی ٣٤ ساڵ و خێزاندار و هەروەها باوکی منداڵێکیشە، مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعات، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە حوکمی ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕایەوەو حوکمەکە لە دادگای پیداچوونەوەدا بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

یەحیا سارخانی کۆتاییەکانی مانگی رەزبەری ساڵی ١٣٩٢ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد کرا و هەنووکە لەو زیندانە ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.