دادستانی مەهاباد بە دایکی زیندانییەکی سیاسیی کوردی وتووە: "بچۆ خودا شوکر بکە کوڕەکەت ئێعدام نەکراوە"

15:48 - 15 سەرماوەز 2721

بەڵێنیی ئازادکردنی هاووڵاتییان لە کاتی دەسبەسەرکردن و هەڕەشەی بە میدیایی نەکردنی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە بنەماڵەی گیراوەکان، هەرچەند شتێکی نوێی نییە، بەڵکوو منەتدانان لەسەر بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی لە ئەگەری  لەسێدارەنەدانی کوڕەکانیان، بەرگێکی نوێی دیکەیە لە ناوەندە ئیتلاعاتی و دادوەرییەکانی حکوومەتی ئێران.

 لە نوێترین حاڵەتدا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دادستانی مەهاباد بە شۆرەتی "پوورئەکبەر" بە دایکی "قادر محەممەدزادە" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکانی ڕاگەیاندووە: "بچۆ شوکری خودا بکە کە کوڕەکەت ئێعدام نەکراوە".

" قادر محەممەدزادە" کە لە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ٨٤ی هەتاوی، لەگەڵ "محەممەدئەمین عەبدوڵلاهی" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، پاش لێکۆڵینەوە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" هەر کامیان بە ٢٠ ساڵ زیندان لە تەبعید مەحکووم کران ‌و تا ئێستا لە مافی مەرەخەسی بێبەرین.

 "فاتمە محەممەدمەرام" دایکی ئەو زیندانییە سیاسییە بۆکانییە، چەند ڕۆژ پێش سەردانی دادستانی شاری مەهابادی کردبوو، خوازیاری ئازادی یان ئیزنی مەرەخەسیدان بە قادر محەممەدزادە بوو، بەڵام دادستانی ئەو شارە پێی ڕاگەیاندبوو کە "بچۆ خودا شوکر بکە کە کوڕەکەت ئێعدام نەکراوە".

دادستانی شاری مەهاباد بە دایکی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی ڕاگەیاندووە کە "قادر هیچ کات ئیزنی مەرەخەسیی پێ نادرێت هەتا ماوەی زیندانییەکەی کۆتایی پێ نەیەت، ئەو تاوانی موحاربەیە و دەبێ سزاکەی بکێشێت".

 قادر محەممەدزادە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٨٩، لە دۆسیەیەکی دیکەدا، بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ میدیا بیانییەکان لە دەرەوەی وڵات"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم و لە ماوەی زیندانیبوونیدا لە مافی مەرەخەسی بێبەری بووە.