دادستانی شاری پاوە، حوکمی دەسبەسەر کردنی بۆ سێ هاووڵاتیی دەرکرد

14:42 - 10 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: دادستانی شاری پاوە، حوکمی دەسبەسەر کردنی سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری نەوسوود دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادستانی شاری پاوە، لە بڕیارێکدا حوکمی دەسبەسەر کردنی بۆ سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەوسوود پەسەند کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە، شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە ناوەکانی \"ئومید مورادی\" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی هیوا، \"بەختیار خەندان\" تەمەن ٤٨ ساڵ کوڕی محەممەد و \"ڕەحمان ڕەحیمی\" تەمەن ٣٥ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، دادستانی شاری پاوە بە هاوکاری ئیتلاعاتی هەنگی سنووری حوکمی گرتن و دەسبەسەر کردنی بۆ ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی دەرکردووە.

ئەو سەرچاوەیە، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، پاش دەرکردنی حوکمی گرتن و دەسبەسەر کردنیان لە لایەن دادستانی شاری پاوە هەڵاتوون.

ئەوە سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: دادستانی شاری پاوە ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی لە پەیوەندیی لەگەڵ شەڕ و تێکەڵچوونی کۆڵبەران لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران تاوانبار کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانان، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی هەورامان کۆڵبەرێکی کورد پێکرا.

پاش بریندار بوونی ئەو کۆڵبەرە کوردە، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ویستان دەست بە سەر کەلوپەلی کۆڵبەراندا بگرن کە لەگەڵ بەربەرەکانێی کۆڵبەران و دانیشتوانی ناوچەکە بەرەوڕوو بوونەوە و بەم پێیەش دادستانی شاری پاوە حوکمی گرتنی بۆ ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە دەر کردووە.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستان لە ژێرناوی \"قاچاغچی شتومەک\" هەڵسووکەوت دەکەن، لە حاڵێکدا کە دانیشتوانی کورد لە ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆی نەبوونی هەلی کار و ڕوانینی ئەمنییەتی لەو ناوچانە، لە ناچاری ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری دەکەن، کە لەو پەیوەندییەشدا زۆرێک لە کۆڵبەران گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.