داخرانی ئیستەکی کوردستان بێکاریی ١٣٣ کرێکاری خۆجێیی لێ‌کەوتەوە

20:46 - 19 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: لقی کوردستانیی شیرکەتی خواردنەوەکانی \"ئیستەک\" (Istak) بە هۆی نەبوونی سەرمایە و بەڕێوەبەرییەوە داخرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چەند ڕۆژی ڕابردووی کرێکارانی کارخانەی ئیستەک لە بەرانبەر پارێزگاریی کوردستاندا، بەرپرسانی ئەو یەکە بەرهەمهێنەرە بڕیاریاندا کە ئەو شوێنە پیشەییە دابخەن.

نوێنەرانی کرێکارانی بێکار باس لەوە دەکەن کە هەنووکە ئەو کارخانەیە لە سنە \"بە تەواوەتی\" داخراوە.

پێشتریش کارخانەی قاڵکردنەوەی ئاسنی کوردستان لە قوروە بە هۆی کێشەی ماڵی و بەڕێوەبەرییەوە داخراوە و ٤٠٠ کرێکاری خۆجێییش دەرکراون.

لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا، دەنگۆی داخرانی شیرکەتی خواردنەوەی \"ئیستەک\" هەبوو، بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، کارفەرمای ئەو شیرکەتە بە فەرمی هەموو گرێبەستەکانی هەڵوەشاندەوە.

یەکێک لە بەرپرسانی ئەو کارخانەیە هۆکاری داخرانی ئەو شوێنەی بۆ نەبوونی خاوەن کارخانە و بەڕێوەبەران و مادە سەرەتاییەکان گەڕاندووەتەوە.

کوردپرێس لەو بارەیەوە لە زاری لوقمان ڕوزچەنگەوە بڵاوی کردووەتەوە، ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە و نووسینگە و شوێنەکانی بڵاوکردنەوە کە نزیک بە ١٥٠٠ کەس سەرجەم بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ سەرقاڵی کار بوونە، پێوەندییان پچڕاوە.

لە بارەی داهاتووی کرێکارانی بێکارکراوی شیرکەتی ئیستەک، بەڕێوەبەریی گشتیی تەعاوون، کار و ڕفاهی کۆمەڵایەتی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند کە؛ هیچ ئاگادارییەکی لەوبارەیەوە لە ناوەندی ژێرکۆگەی خۆی نەبووە.

کارخانەی ئێستەکی کوردستان یەکێک لە گەورەترین کارخانەکانی ئەو پارێزگایە ئەژمار دەکرێت کە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بە بڕی پارەی زیاتر لە ٣٣ میلیارد تمەن لە سنە دامەزرا و \"ماءالشعیر\"ی گازدار و بێ ئەلکۆڵ بە شێوەی قوتوو و شووشەیان بەرهەم هێناوە.