داخرانی کانی زێڕی ڕزشۆرانی شاری تیکاب و بێکار بوونی ١٢٠ کرێکار

21:38 - 25 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: کانی زێڕی ڕزشۆرانی شاری تیکاب سەر بە پارێزگای ورمێ لە سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا داخرا و ١٢٠ کرێکاری ئەو کانە زێڕە بێکار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ١٢٠ کرێکاری کانی زێڕی ڕزشۆرانی شاری تیکاب بە هۆی داخرانی ئەو کانە زێڕە بێکار بوون و ماوەی ٥ مانگیشە ئەو کرێکارانە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کرێکارانە بە شێوەی نێونجی ١٠ هەتا ١٥ ساڵ پیشینەی کاریان هەیە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکەی کانی ڕزشۆرانی هەتا مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا (٩٥) زیاتر لە ٢٠٠ کرێکار هەبووە، کە بە هۆکارگەڵێک هەتا ئێستا ناڕوون، ٨٣ کرێکاری لە سەر کارەکەیان دەر کراون.

کرێکارانی ئەو کانە زێڕە دەڵێن: هەتا پێش ئەو ماوەیە، بارودۆخی کار کردن لەو کانە زێڕە زۆر باش بووە و ئێستا ڕوون نییە بەڕێوەبەری ئەو کانە زێڕە لەگەڵ چ کێشەیەک بەڕەووڕووە.

کرێکاران دەڵێن: یەکەی کانی زێڕی ڕزشۆران، تەنیا هەڵ و دەرفەتی کار لەو ناوچەیە بووە کە کرێکارانی ئەو ناوچەیە تێدا خەریکی کار بوون.

لەو پەیوەندییەدا، ئیدارەی گشتی تەعاون و کار و خۆشبژیوی کۆمەڵایەتی پارێزگای ورمێ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەوڵی داخرانی کانی زێڕی ڕزشۆران و بێکار بوونی ١٢٠ کرێکار ڕایگەیاند: یەکەی کانی ڕزشۆران بە هۆی نەدانی پارەی خاوەنکارەکان لەلایەن کارفەرماوە داخراوە.