داخرانی کارگەیەک لە دیواندەرە، بێکاریی ١٢ کرێکاری ژنی لێکەوتەوە

14:33 - 21 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: کارگەی بەرهەمهێنانی کەیک و کولووچەی شیرکەتی بەهارانی دیواندەرە، بەرەوڕووی داخران بوویەوە و کرێکارەکانی بێکار کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ داخرانی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کەیک و کولووچە لە شاری دیواندەرە، ، کە بە ناوی تیجارەتیی \"ئاژاڵ\"ـەوە کاری دەکرد، سەرجەم کرێکارەکانی کە ژن بوون، لەسەر کار دەرکراون و موچەشیان پێ نەدراوە.

دەگوترێت، خاوەنی ئەو کارگەیە لە چەند مانگ پێش ئێستاشەوە لە دانی مووچەی ئەو ١٢ کرێکارە ژنە خۆی بواردووە و سەرەڕای ئەوەی لە ئیدارەی کار سکاڵا لەسەر خاوەن کارگەکە تۆمار کرابوو، بەڵام مووچەی کرێکارەکانی نەداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا یەکێک لە ماڵپەڕەکانی دیواندەرە بڵاوی کردبوویەوە، کە خاوەنی ئەو کارگەیە بە هۆی دەستڕۆیشتوویی لە ئیدارەی کار وڵامی کرێکارەکانی نەدابوویەوە و کرێکارەکانیش لە ترسی ئەوەی لەسەر کارەکانیان دەرنەکرێن بە ناچاری و بەبێ دەنگی لە سەر کارەکانیان مابوونەوە.

لەلایەکی دیکەوە، دەرمانخانەکانی ناوەندی تەندروستیی دیواندەرە، کە ماوەی نزیک بە ٣ ساڵە دراوە بە کەرتی تایبەت، چەندین ژن لەو ناوەندانە مانگانە بە بڕی ١٥٠ هەزار تمەن کار دەکەن.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندی دەرمانیی گوندەکانی گاوەشەلە، زەڕینە، برایم‌ئاوا، هەزار کانیان، مەڕان و کۆڵ و چەندین گوندی دیکەی سەربە شاری دیواندەرە، سەرەڕای ئەوەیکە بەو مووچە کەمە کاریان پێ دەکرێت، بە بێ بیمە لەو ناوەندە دەرمانی‌یانە سەرقاڵی کار کردنن.

سەرچاوەکە گوتیشی، بەرپرسی ئەو ناوەندە دەرمانییانە هەموو ساڵێک بڕی ٥ هەتا ٦ ملیۆن تمەن پارە دەخاتە حیسابی بانکیی ئەو چەند ژنەوە و پاش ئەوەی ژنانە پارەکانیان لە بانک دەرهێنا، دەبێ ئەو بڕە پارەیە بدەنەوە بە بەرپرسەکەیان.

ئاشکرای کرد، کە بەرپرسەکەیان هەموو ساڵێک بەڵێن‌نامەی نووسراوە لەو ژنانە (بەڕێوەبەرانی ناوەندە دەرمانی‌یەکان) وەردەگرێت، کە هەموو ساڵێک پارەی لیباس و پارەی ساڵانی رابردوویان وەرگرتووە، ئەوەش لە حاڵێک‌دایە، کە هیچ کام لەو ژنانە پارەی لیباسیان پێنەدراوە و لە کاتێکیشدا کە سەرجەمیان خێزاندارن، مانگانە تەنیا ١٥٠ هەزار مووچەیان پێ ئەدرێت.