داخرانی کارخانە سیمانی بۆکان، بێکاریی ٥٠٠ کرێکاری لێکەوتەوە

13:32 - 21 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: کارخانەی سیمانی کاوان لەشاری بۆکان بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی پێویست داخرا و لەئەنجامی ئەو داخرانەدا، ٥٠٠ کرێکار و فەرمانبەری ئەو کارخانەیە لەکار بێکار کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر کارخانەی سیمانی کاوان دوای نزیک بە ١ ساڵ لەدەستبەکار بوونی بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی \"مازوت\" بەمەبەستی وەگەڕ خستنی بەشە جۆراوجۆرەکانی کارخانەکە، بەرەوڕووی داخران بوویەوە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیسنا لەزاری \"ئێحسان فەڕ\" ئەندامی ئەنجومەنی سینفی کارخانە سیمانەکانی ئێران بڵاوی کردەوە، ٩ کارخانەی سیمان لەئێران بەسووتەمەنی جۆری \"مازوت\" کار دەکەن و لەکۆی گشتیی ئەو کارخانانە بەشێکیان داخراون و بەشێکیشیان لەبەرەبەریی داخران دان.

ئەو ٩ کارخانەیە لەشارەکانی بۆکان، قشم، \"جوین\"، خاش، خۆی، لارستان، \"تجارت مێهریز\" و زابول هەڵکەوتوون.

\"ئێحسان فەڕ\" هۆکاری تووشبوونی ئەو کارخانانەی بەو قەیرانە و مەترسیی داخرانیانی بۆ گران‌بوونی نرخی سووتەمەنی مازوت و پشتیوانی نەکردنی دەوڵەت لەو کارخانە سیمانانە. گەڕاندۆتەوە.

دوابەدوای توندتر بوونەوەی گەمارۆکانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا بۆ سەر حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، نرخی سووتەمەنی \"مازوت\" چوونە سەرەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

کارخانەی سیمانی کاوان ساڵی ١٣٨٥ دەست بە دروست کردنی کراوە و مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ بەرهەمهێنانی سیمانی دەست پێکرد و نزیک بە ٥٠٠ کرێکار و فەرمانبەریش بەشێوەی راستەوخۆ تیایدا سەرقاڵی کار کردن بوون.

پێشتریش لەمانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩١‌دا بەر لەوەی ئەو کارخانەیە دەست بەکار بکات، ١٥٠ کرێکاری کورد کە سەرقاڵی دروست کردنی بینای کارخانەکە بوون، لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە لەسەر کار دەرکران.
\"16744.jpg\"

\"16743.jpg\"