داخرانی ڕێگای گوندەکان بۆ شار گیانلەدەستدانی ژنێکی لێ کەوتەوە

11:20 - 2 رێبەندان 2721

داخرانی ڕێگا و بانەکانی گوندەکانی شارەکانی کوردستان بەهۆی هاتنی شەپۆلی بارینی بەفر و نەکرانەوەی ڕێگای گوندەکان بۆ شارەکان، کێشە و گرفتی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

کەمترخەمی و  کەمکارییەکانی بەرپرسانی لایەنە پەیوەندییەدارەکان، لە کردنەوەی ڕێگاکانی هاتوچۆ، هەتا ئێستا دوو ژن بەهۆی داخرانی ڕێگاکان لە کاتی گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەست داوە.

ژنێک بە ناوی "سۆیبە باڵکی"  کچی سەعید خەڵکی گوندی "خشکینـ"ـی سەر بە ناوچەی کەڵاتەرزانی مەریوان کە تووشی نەخۆشی ببوو، بەهۆی داخرانی ڕێگای ئەو گوندە بۆ شاری مەریوان، گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شۆفیری لۆدێر و بۆڵدزێرەکان، بەهۆی کەمیی پارەکەیان کە مانگانە بڕی ٥ ملیۆن تەمەنە، لە کاتی بارینی ئەو شەپۆلە بەفرەدا، مانیان گرتبوو و ئامادە نەبوون بەو بڕە پارەیە کار بکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە زاری یەکێک لە شۆفیرانی لۆدێر و بۆڵدزێرەکان ڕاگەیاند: "بەهۆی کەمیی بڕی پارەی شۆفیرەکان، هیچ کەس ئامادە نەبووە کە بەو بڕە پارەیە کار بکات کە ئەمەش بووتە هۆی داخرانی ڕێگاکانی هاتوچۆ و گرفت بۆ هاووڵاتییان".

لەو پەیوەندییەدا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژنێک بە ناوی "سۆیبە حەیدەری" خەڵکی گوندی "زەردۆیی" سەر بە شاری پاوە، بەهۆی داخرانی ڕێگای ئەو گوندە، گیانی لەدەست دا.