داخرانی ناوەندی "بەردشکێنیی گورچیلە"ی سەقز و ئەگەری گواستنەوەی بۆ بۆکان

11:04 - 28 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: ناوەندی تایبەتی شکاندنی بەردی گورچیلەی سەقز ماوەی مانگێکە داخراوە و دەنگۆی گواستنەوەی بۆ بۆکان هەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەر هیمەتی کۆمەڵێک لە خێرخوازانی سەقز، ناوەندێکی شکاندنی بەردی گورچیلە لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارە ساز کرا، کە هاووڵاتییانی شارەکانی سەقز، بۆکان، دیواندەرە و مەهاباد، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕوویان لەو ناوەندە تایبەتە دەکرد و لە ئێستادا ماوەی مانگێکە داخراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "هاووڵاتییان لە شارەکانی دیکەوە بۆ عەکس گرتن لە گورچیلەیان و شکاندنی بەردەکانیان سەردانی ئەوێیان دەکرد. بەڵام ماوەی مانگێک دەبێت کە ئەم ناوەندە داخراوە و خەڵک ناچارن بۆ ئەنجامدانی کاروباری پزیشکیی پێوەندیداریان ڕوو لە تاران، تەورێز و ورمێ بکەن".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "داخرانی ئەو ناوەندە تایبەتییە بۆ هاووڵاتییان و بەتایبەت ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی بەردی گورچیلەن، گیروگرفتی دروست کردووە".

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "سەرەڕای داخستنی ناوەندی تایبەتی شکاندنی بەردی گورچیلە، ئێستا باس لەوەش دەکرێت کە حکوومەت دەیهەوێت ئەم ناوەندە بۆ دەرمانگایەکی کەرتی تایبەت لە بۆکان بگوازێتەوە."

 ناوەندی تایبەت بە شکاندنی بەردی گورچیکە ماوەی دوو ساڵە لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری سەقز دامەزراوە.