داخرانی قوتابخانەکانی شاری ورمێ بە هۆی خۆڵبارین

21:05 - 28 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: هاتنی شەپۆلێکی خۆڵبارین لە شاری ورمێ، ماوەی چوار ڕۆژە قوتابخانەکانی شیفتی سەرلەبەیانی ئەو شارە داخران.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هاتنی شەپۆلێک لە ئاخبارین لە ناوچەی ورمێ بووە هۆی داخرانی قوتابخانەکانی شیفتی سەرلەبەیانی و ئەمڕۆ گەیشتە چوارەمین ڕۆژی خۆی.

بە وتەی بەرپرسی کاروباری تاقیگەکانی ئیدارەی گشتی ژینگەپارێزی شاری ورمێ، بە هۆی بەردەوام بوونی تۆزوخۆڵبارین و پیسبوونی کەش و هەوای ناحیەی ١و٢ی ئەو شارە، تەواوی قوتابخانەکانی شیفتی بەیانی هەتا ئەمڕۆ ٢٨ی سەرماوەز داخراون.

سەعید موسەوی لە درێژەی لێدوانەکەیدا لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر ڕایگەیاند: ئەو تۆز و خۆڵبارینە لە حاڵێکدا هەشتەمین ڕۆژی تێدەپەڕێنێ، کە بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی کەشناسی پارێزگای ورمێ، ئەم ڕەوتە هەتا ئەمڕۆ درێژەی دەبێت.

قوتابخانەی ناحیەی ١ و٢ی شاری ورمێ لە ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەزەوە داخراون.

هاتنی وردیلەکانی تۆز و خۆڵ، بە دەیان جۆر نەخۆشین و بە تایبەت شێرپەنجەی بە دوای خۆیدا دەهێنێت.