داخرانی خاڵی سنووریی باشماخ ناڕەزایەتی بەرینی هاووڵاتییانی کوردی لێکەوتەوە

23:20 - 19 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران خاڵی سنووریی باشماخ\"یان داخستووە و بەم هۆیەوە دەیان هاووڵاتیی کورد نارەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی بەفرانبار هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەریوان بە بیانووی قاچاخی سووتەمەنی خاڵی سنووریی \"باشماخ\"یان داخستووە و هەموو جۆرە هاتووچۆیەکیان قەدەغە راگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: کۆمەڵێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان بە دەیان تۆن میوە و خواردەمەنییان لەو دیو خاڵی سنووریی باشماخ ماوەتەوە و رێگای ئاودیو بوونیان لێ داخراوە و بەو هۆیەوە زیانێکی مادیی بەرچاویان بەرکەوتووە.

ماوەیەک پێش ئێستا \"عەبدوڵڵا رەشیدی بە هەواڵدەریی حکوومەتی \"فارس\"ی راگەیاندبوو کە رۆژانە بە شێوەی نێونجی ٩٠٠ ئۆتۆمبیلی گەورە و بچوک لە خاڵی سنووریی باشماخەوە هاتوچۆ دەکەن کە لە کۆی ئەو رێژەیە ١٢٠ کامیۆن بە شێوەی ترانزیت کەلوپەل بۆ هەرێمی کوردستان و ئێران دەگوازنەوە.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی \"شبستان\" لە زاری \"ئیرج حەسەن‌زادە\" جیگری سیاسی و ئەمنیەتی پاریزگای کوردستانەوە بڵاوی کردەوە، رۆژانە رێژەیەکی بەرچاو سووتەمەنی ئاودیوی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەکرین ئەو سنوورە لە ئێستادا بۆتە شوێنی قاچاخی سووتەمەنی، هەر بۆیە پێویستە هێزێکی زیاتر بۆ چاوەدێریی هاتوچۆکانی خاڵی سنووریی باشاماخ رەوانە بکرێن.

خاڵی سنووریی باشماخ ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی بە فەرمی چالاک کراوە و تەنیا لە ماوەی ١ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 4 ملیارد دۆلار کەلوپەل لەم سنوورەوە ھەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.